نامەی
د.
محەمەد كەمال بۆ چینەر
نزار
كاكە چێنەر
سڵاو. لەڕاستیدا دەمێكە نیازی نوسینی نامەم بۆ تۆی
بەڕێز ھەیە. ھەڵبەتە پاش دامەزراندنی پەیكەرەكەشم لە
ڕێگەی ھاوڕێكانەوە سوپاسم كردیت. وەكو لەپێشتریش ئەو
خاڵەم ڕوونكردۆتەوە، كە من خۆم بەشایەنی ئەوە نازانم
پەیكەرم بۆ بكرێت، چونكە خزمەتی گەورەی مرۆڤایەتی و
گەلەكەمم نەكردووە. تەنیا ھەوڵمداوە بناغەیەك بۆ
بیركردنەوەی فەلسەفییانە دابمەزرێنم و فەلسەفە فێربكەم
بەكوردی بدوێت. ئەگەر بەڕێزتان ئەم ھەوڵدانەی من بە
گرنگ دادەنێن، ھەڵبەتە لە گەورەیی خۆتاندایە و منیش
سوپاستان دەكەم.
شایەنی باسە، دروستكردنی پەیكەرەكە ناڕەزایی لە چەند
لایەنێكەوە لێكەوتەوە و ئەو ناڕەزاییانە بە منیش
گەیشتن. بەڵام نەمدەزانی و ئێستاش نازانم ئەوانە ڕەخنە
بوون لەوەی، كە پەیكەرەكە بۆ كەسێكی نا-شایستە كراوە
یاخود لە ڕووی ھونەرییەوە كەموكورتی تێدایە. تەنانەت
ھەندێك پەیكەرەكەیان نەدیبوو، پەیوەندییان بەمنەوە
دەكرد و گلەییان لێدەكردم، كە من ڕێگەم بەدروستكردنی
پەیكەرەكە داوە. ئەگەر ئەوان ڕەخنەكەیان پەیوەندی بە
نا-شایستەبوونی منەوە ھەبێت، ئەوا دروستە و منیش لەگەڵ
ئەوەدام، كە شایستەی پەیكەر نیم. بەڵام، ئەگەر
ڕەخنەكەیان ھونەری بێت، ئەوا پێویستە ھونەرییانە و
ھونەرمەندانە ڕەخنە لە كارە ھونەرییەكە بگرن تاكو تۆش
بتوانیت وەڵامی بدەیتەوە.
بەھەرحاڵ، لە كۆتاییدا بۆم دەركەوت، كە لایەنە
ناڕەزاكان لە دەربڕینی ناڕەزاییاندا فێربوون بە چاكی
باسی ھیچ كارێكی ھونەری نەكەن و بەردەوام (بێ ئەوەی
خۆیان پرۆژەی ھونەری و ئەدەبییان ھەبێت) نێگەتیڤانە
بڕواننە كارە ھونەرییەكان و كەسانی خاوەن بەھرە و پڕ
پرۆژە بخەنە بەر نەشتەری كولی ڕەخنەكانیان، كە ھیچ
گەشەكردنێكی ڕۆشنبیری و ھونەری بەدوای خۆیدا ناھێنێت.
گرنگ ئەوەیە ھونەرمەندی ڕەسەن لە ئاستی ئەم جۆرە
ڕەخنانەدا چۆك دانەدات و توشی نائومێدی نەبێت؛ كارێك
نەكات (ئەوان) بیڕوخێنن و كۆتایی بە پڕۆژەكانی بھێنن.
من دووبارە سوپاست دەكەم.
محەمەد كەمال
٧/١/٢٠١٩
|